وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەمڕۆ شاندی دیپلۆماسی- تەکنیکیمان بۆ دانوستاندنی ئەتۆمی دەچێتە عومان

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، دوو لە جێگرانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بۆ سەرپەرشتیکردنی شاندی تەکنیکیی ئێران لە مەسقەت دەستنیشانکراون؛ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی دیپلۆماسی- تەکنیکیمان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەچێتە عومان''.
 
رۆژی هەینی، 25-04-2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان بە یاوەریی شاندێکی دیپلۆماسی- تەکنیکی بۆ دانوستاندنی ناڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەرەو شاری مەسقەتی عومان بەڕێ دەکەوێت''.
 
بڕیارە سبەی شەممە، هەردوو شاندەکانی تەکنیکی و دیپلۆماسیی ئێران و ئەمریکا لە دوو کاتی جیادا لە مەسقەت، لە درێژەی دانوستاندنەکانی دوو وڵاتەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کۆببنەوە.
 
ئاژانسی هەواڵی تەنسیمی نزیک لە سوپای پاسداران بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی خۆی بڵاویکردەوە، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی، هەروەها کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی سەرپەرشتیی تیمی تەکنیکیی دانوستاندن دەکەن.
 
ئەوە گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە، گەڕی دووەم 19ـی نیسانی 2025، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
 
لەدوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان رایگەیاند، ''رۆژی چوارشەممە گفتوگۆی تەکنیکی لەنێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە عومان بەڕێوەدەچێت و شەممەی داهاتووش شاندی هەردوو وڵات دووبارە لە عومان کۆدەبنەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە و کاری لیژنە تەکنیکییەکان''، بەڵام دواتر کۆبوونەوەی شاندە تەکنیکییەکانیش دواخرا بۆ سبەی شەممە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، سبەی سەرەتا شاندی تەکنیکیی هەردوو لا تاوتوێی ئەو خاڵانە دەکەن کە لە دوو دانوستاندنی پێشوو قسەیان لەسەر کراوە، دواتر دووبارە شاندی باڵای دوو وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆدەبنەوە و دەست بە گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەکرێت.
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش چەند جارێک باسی لەوە کردووە، ''ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمە خواستێکە کە دەکرێت بەدیبێت و دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە."