وەزارەتی بەرگری ئێران: بەشێکی بەرچاو لە هێزی مووشەکیمان بەکارنەهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێ، زیاتر لە هەزار جۆر درۆن، مووشەک و کەرەستەی دیکەی سەربازی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەوە بەرهەم هێندراون.
ئەمڕۆ شەممە، 25ی نیسانی 2026، رەزا تەلایی نیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران گوتی، "زیاتر لە هەزار جۆر مووشەک، درۆن، سیستم و کەرەستەی جۆراوجۆر بە شێوەیەکی تەواو زانستی و خۆماڵی لە لایەن هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی بەرگری، کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی زانیارییەوە بەرهەم هێندراون."
تەلایی نیک گوتی، "ئەم توانایە ئەنجامی زیاتر لە 25 ساڵ وەبەرهێنانە لە پیشەسازی بەرگریدا بەجۆرێک تەنانەت لە ئەگەری زیانگەیاندن بە هەندێک ناوەند، پڕۆسەی بەرهەمهێنان و پشتیوانی لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوام دەبێت."
بە گوتەی تەلایی نیک، "لە بواری بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی بەرگرییدا بەشێوەیەکی گشتی، نزیکەی 9 هەزار کۆمپانیا هاوکاری هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی بەرگری دەکەن."
تەلایی نیک ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێکی بەرچاو لە هێزی مووشەکی وڵاتەکە هێشتا بەکارنەهێندراوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریکا چەندینجار رایانگەیاندووە، بەشی زۆری توانای مووشەکی ئێرانیان لەنێوبردووە.