ئێران: پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی توانای مووشەکیمان شکستیان هێناوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی توانای مووشەکیی ئێران "بە تەواوی شکستیان هێناوە" و ئێستا ئێران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە.
رەزا تەڵایینیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە لێدوانێکدا باسی لە دۆخی مەیدانیی جەنگ کرد و رایگەیاند: "توانای سەربازیی ئێمە ئەمڕۆ هێزێکی زاڵە و دوژمن لە زۆنگاوی جەنگداچەقیوە؛ ئەوان ئێستا تەنیا بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئابڕوومەندانە لەم دۆخە هەڵبێن."
تەڵایینیک ئاماژەی بەوەش کرد، کە "گەرووی هورمز ئێستا لەژێر کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی زیرەک و دەسەڵاتی ئێراندایە" و جەختی کردەوە، کە گۆڕەپانی سەرەکیی بەرگری، بریتییە لە "مەیدانی شەڕی هێزە چەکدارەکان و مەیدانی ئامادەیی جەماوەریی خەڵک."
لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری لە کاتێکدایە کە لە 48 کاژێری رابردوودا دۆخی سیاسی و سەربازیی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل پێشهاتی نوێی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی سەرچاوەکان، شاندی دانوستاندنکاری ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتووەتە ئیسلامئاباد، هەرچەندە تاران رەتیکردووەتەوە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران فراوانتر دەکەن و "هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی هێزی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هورمز تێناپەڕێت."
بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، ئەمڕۆ شەممە گەشتە مەدەنییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران دەستیان پێکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست لە لوبنان و لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ سەرخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
سەرەڕای ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە، سوپای ئیسرائیل هێشتا لە باشووری لوبنان بەردەوامە لە هێرشەکانی و رایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران ئەگەر "گڵۆپی سەوز"ی لە واشنتنەوەبۆ هەڵبکرێت.