ئێران داوای قەرەبووی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە ئەمریکا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا قەرەبووی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتەوە. جەختیشی کردەوە، تاران لەوبارەوە لە دژی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا تۆمار دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە، "پێویستە ئەمریکا قەرەبووی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بداتەوە."
 
سەعید خەتیبزادە گوتی، "ئێران سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، لە نەتەوە یەکگرتووەکان سكاڵا تۆمار دەکات و داوای قەرەبوو لە ئەمریکا دەکاتەوە."
 
ئەمریکا بەرەبەیانی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، بە بۆمبی حەشارگەشکێن هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان کە سێ دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمن لە ئێران.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان لەنێوبردووە، بەڵام ئێران دەڵێت پێش ‌هێرشەکە یۆرانیۆمی بنکە ئەتۆمییەکانیان گواستووەتەوە.
 
سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دوای 12 رۆژ شەڕ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستەکە لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیازکراوە و گوتی: "ئەوە ئەمریکا بوو کە پەیامی بۆ ئێران نارد بۆ ئەوەی شەڕەکە رابگرێت." 
 
سەعید خەتیبزادە هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، "لە ماوەی ساڵ و نیوێکی رابردوودا تێبینی کراوە کە زایۆنییەکان لە غەززە، لوبنان و سووریا هیچ کام لە بەڵێنەکان و پابەندییەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بۆیە ئێران بە تەواوی وریا و ئامادە دەمێنێتەوە و لە هەر ساتێک و لە هەر شوێنێک هەست بکرێت کە دەستدرێژییەک روویداوە، بە هەموو توانایەوە وەڵامی دەدرێتەوە."
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەندەکانی ئاگربەستەکەش رایگەیاند، "ئێمە هیچ رێککەوتنێکی نووسراومان لەگەڵ رژێمی زایۆنی نەبوو، ئەوەی روویدا راگرتنی دەستدرێژیی زایۆنییەکان بوو و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتێکدا ئێران لە دۆخی ئامادەییدا دەمێنێتەوە، هیچ هێرشێک ناکات."
 
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکاش، سەعید خەتیبزادە دەڵێت، "لە پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکاندا، ئێران رایگەیاند ناتوانێت بچێتە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا تاوەکو ئەو کاتەی دەستدرێژییەکان کۆتایی پێ نەیەت و لایەنی دەستدرێژیکار بەرپرسیارێتییەکانی لە ئەستۆ نەگرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، دوای 12 رۆژ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی شەڕی لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکان راگەیاند.