ئێران و یەکێتیی ئەوروپا لە بارەی رێككەوتنی ئەتۆمی کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە شاندێکی ئێران تایبەت بە گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ هاوئاهەنگکاری یەکێتیی ئەوروپا لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکە لەنێوان عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێنریک مۆرا دەبێت کە بەرپرسە لە هاوئاهەنگیکردن لەنێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەنێویاندا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا.
 
کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە 27-10-2021 لە بروکسل دەکرێ، کە بارەگای سەرەکی یەکێتیی ئەوروپای لێیە. ئەمەش دووەمین کۆبوونەوەی نێوان ئێران و هاوئاهەنگکاری یەکێتیی ئەوروپایە، کە مەبەست لێی نزیککردنەوەی بیروبۆچوون و هەڵوێستەکانی نێوان تاران و وڵاتانی 4+1ی پەیوەست بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ئێرانە.
 
رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە 2015 دا واژۆکرا، لایەنی بەرامبەری ئێران، ئەمریکای سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما بوو، هەروەها وڵاتانی 4 وڵاتە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە ئامادەبوونی ئەڵمانیا و بلۆکی یەکێتی ئەوروپا.
 
ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ لە ئایاری 2018دا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و لە مانگی تشرینی دووەمی هەمانساڵدا سەرجەم سزا سڕکراوەکانی بۆ سەر ئێرانی گەڕاندەوە.
 
کۆبوونەوە چاوەڕێکراوەکەی ئێران و یەکێتی ئەوروپا لەدوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو جۆزێپ بۆرێل، هاوئاهەنگکاری باڵای یەکێتییەکە بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاندبوو ئەو ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بکات تاوەکو ئامادەکاری بکرێت بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیەننا، کە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە  و لەگەڵ هاتنی سەر دەسەڵاتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران، وەستاون.
 
لە ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانی، سەرۆکی پێشووی ئێراندا، شەش خولی دانووستاندن لەنێوان تاران و وڵاتانی 4+1ی پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا کران.
 
کۆبوونەوەکان لە گراند هۆتێل بەبێ ئامادەبوونی شاندی ئەمریکی دەکران، کە لە هۆتێلێکی بەرامبەر گراند هۆتێلدا بوون و لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئاگاداری گفتوگۆکان بوون.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی رەئیسی ئامادە نییە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆکان. رەئیسی لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، مەرجی سەرەکیی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکایە لەسەر وڵاتەکەی، مەرجێکە ئەمریکا بە هەنگاوی دووەمی خۆی دایدەنێت لەدوای گەڕانەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکان و پیشاندانی نیازپاکی لەئاست پابەندبوون بە بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە.