لە ئێران کەسێک بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر دوو ژن لەسێدارەدرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ کەسێک لە شاری شاهروود سەر بە پارێزگای سمنان لە باکووری ئێران بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر دوو ژن لەسێدارەدرا.
 
ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2025، بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی کەسێک کە بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆسەر دوو ژن دەستگیر کرابوو و دادگە سزای لە سێدارەدانی بەسەریدا سەپاندبوو، لە ناوچەی بەستامی سەر بە شاری شاهروود لە پارێزگای سمنان جێبەجێ کرا.
 
محەممەدسادق ئەکبەری، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای سمنان رایگەیاند، تاوانەکە ساڵی 2022 لە ناوچەی بەستامی شاهروود روویداوە و دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس کەسی تۆمەتبار دەستگیرکرا و دۆسیەکە رەوانەی دادگەی ناوچەی بەستام کرا.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای سمنان، "لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت تۆمەتبار بە فریودانی دوو ژن و بە هەڕەشەکردن و تۆقاندن، کردەوەی قێزەونی دەستدرێژی بۆ سەر ئەو دوو ژنە کردووە."
 
محەممەدسادق ئەکبەری گوتی: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی تێر و تەسەل، لقی دووی دادگەی تاوانەکانی پارێزگای سمنان، سزای لەسێدارەدانی بەسەر تاوانبارەکەدا سەپاند."
 
دوای ئەوەی بڕیاری دادگە لە لایەن دادگەی باڵای ئێرانەوە پشتراستکرایەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دوای جێبەجێکردنی هەموو رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان، ئەو کەسە لە ناوچەی بەستام لەبەر چاوی خەڵکەوە لەسێدارەدرا.
 
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زیاترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت.
 
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێن، ئێران دوای چین، دووەمین وڵاتە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
 
بەگوێرەی رێکخستنی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 503 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون.