واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ ئەوەی مەسعود پزیشکیان بانگهێشتی پەرلەمان بکرێ
رووداو دیجیتاڵ
کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بانگهێشتکردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ پەرلەمانی ئێران دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بداتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، موجتەبا زونوور، پەرلەمانتاری بازنەی قوم لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دۆخی ئابووریی وڵات خراپتر بووە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێیانوایە، پێویستە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بانگ بکرێ بۆ پەرلەمان و لەبارەی دۆخی ئابووری، بژێوی خەڵك و پلانەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان روونکردنەوە بدات و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بداتەوە.
بە گوتەی پەرلەمانتاری قوم، بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆککۆمار بۆ پەرلەمان، لانیکەم واژۆی 73 پەرلەمانتار پێویستە.
موجتەبا زونوور گوتی، پێشوازیکردن لە پرۆسەی بانگکردنی سەرۆککۆمار بۆ پەرلەمان باش بووە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پڕۆژەکەیان واژۆ کردووە.
موجتەبا زونوور گوتیشی، کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دوای کۆکردنەوەی واژۆی پێویست، بانگکردنی سەرۆککۆمار پێشکێشی لیژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێ بۆ ئەوەی پرۆسەی یاسایی بۆ بانگکردنی مەسعود پزیشکیان بۆ پەرلەمان دەستپێبکات.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە، سێ رۆژ لەمەوبەر پزیشکیان پڕۆژەیاسای بودجەی ئێرانی بۆ ساڵی داهاتوو پێشکێشی پەرلەمان کرد و بریارە هەفتەی داهاتوو تاوتوێکردنی دەستپێبکات.