هرانا: کوژرانی 5848 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران پشتڕاست کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەرانا ئامارێکی نوێی لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 29 رۆژدا کوژرانی نزیکەی شەش هەزار کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە دەیانیان منداڵن. هاوکات زیاتر لە 41 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، تاوەکو دوێنێ یەکشەممە، کوژرانی پێنج هەزار و 848 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکەی هەرانا، لەنێو کوژراوەکاندا 77 منداڵ هەن، هەروەها 209 کوژراویش لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکاندان.
 
جیا لەو ژمارەیە، ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکە دەکەن، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
 
سەبارەت بە بریندار و دەستگیرکراوانیش ئاماژە بەوە کراوە، حەوت هەزار و 804 کەس بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەختە، هەروەها 41 هەزار و 283 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون.
 
ئەم ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جیاوازیی زۆریان هەیە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی حکومەت؛ رۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانییانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند، کە بەگوتەی ئەوان "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون".
 
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 سەرەتا لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژیی لێکەوتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.