هەفتەی یەکلاکەرەوە لە ڤییەنا و جنێڤ؛ عێراقچی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باشترین بوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی جنێڤ، تیشکی خستە سەر وردەکاریی گفتوگۆکان و رایگەیاند، ئەم گەڕەی دانوستاندنەکان یەکێک بووە لە جیدیترین و درێژترینەکان کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردبێتیان.
رۆژی پێنجشەممە 26-02-2026، عەباس عێراقچی جەختی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باشترین بووە لە نێوان هەموو ئەوانەی پێشوو و هەردوولا لە هەموو کاتێک زیاتر جیدیین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، داواکارییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی زۆر روون پێشکێش بە لایەنی ئەمریکی کردووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئەتۆمی و پڕۆسەی لادانی سزاکاندا کە تێیدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە.
عێراقچی باسی لەوەش کرد، هەرچەندە لەسەر هەندێک خاڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام هێشتا جیاوازییشیان ماوە و هەر لایەک پێویستی بەوە هەیە بگەڕێتەوە بۆ پایتەختی وڵاتەکەی بۆ ئەوەی راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتییەکەی بکات، بۆیە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکان بەڕێوەبچێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 02-03-2026 لە شاری ڤییەنای نەمسا، دانوستاندنی تەکنیکی لەگەڵ شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکرێ بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییە پسپۆڕییەکان.
پێشکەوتنی گرنگی تاران و واشنتن
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە وەک نێوەندگیر لە نێوان هەردوو شاندەکەدا کار دەکات، پەیامێکی گەشبینانەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوان رۆژەکەیان بە "پێشکەوتنێکی زۆر گرنگ" لە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن کۆتایی پێهێناوە.
بوسەعیدی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکانی جنێڤدا، "هەردوولا کراوەییەکی بێپێشینەیان بۆ بیرۆکە و چارەسەری نوێ و داهێنەرانە نیشان داوە."
وەزیری دەرەوەی عومان جەختی کردەوە، "هەوڵی جیدی دراوە بۆ دیاریکردنی کۆمەڵێک بنەمای رێبەر تاوەکو ببێتە بناخەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی."
وەزیرە عومانییەکە هەروەها پشتڕاستی کردەوە، گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی هەفتەی داهاتوو لە شاری ڤییەنا بەردەوام دەبن، "چونکە سەرەڕای پێشکەوتنەکان، هێشتا کارێکی زۆر ماوە بکرێ."
مەرجە قورسەکانی ئەمریکا
سەرەڕای ئەم زمانە نەرمە دیپلۆماسییە، راپۆرتە میدیاییە ئەمریکییەکان پەردە لەسەر مەرجە قورسەکانی ئیدارەی ترەمپ لادەدەن.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ، تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، داوای تووندیان خستووەتە بەردەم عێراقچی، کە لە سەرووی هەموویانەوە داوای "هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان" دەکەن.
هەر بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە، واشنتن جەخت دەکاتەوە، "دەبێت ئێران هەموو پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی کە نزیكەی 10,000 کیلۆگرامە، رادەستی ئەمریکا بکات."
ئەمریکییەکان داواشیان کردووە، "هەر رێککەوتنێکی نوێ دەبێت هەمیشەیی بێت و هیچ کاتێکی کۆتایی بۆ نەمانی سزاکان تێدا نەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن ئامادەیە جۆرێک لە نەرمی نیشان بدات "بۆ ئەوەی ئێران تەنیا یەک کوورەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی پزیشکی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەمە رووبەڕووی گوشاری توندی نەیارانی ئێران لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا بووەتەوە."
جێراڵد فۆرد نزیک دەبێتەوە
لەکاتێکدا دیپلۆماسی لە جنێڤ بەردەوامە، سوپای ئەمریکا گوشارە سەربازییەکانی بۆ بەرزترین ئاست زیاد کردووە و ئێستا گەورەترین بڵاوە پێکردنی هێز لە چەند دەیەی رابردوودا لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد، گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهان، بنکەی دەریایی (کریت)ـی لە یۆنان جێهێشتووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کەشتیی ئەبراهام لینکنەوە بکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
واشنتن ئێستا زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگیی، 9 تێکشکێنەر و سەدان فڕۆکەی پێشکەوتووی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە خەریکی پەرەپێدانی مووشەکی کیشوەر بڕە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم قسانەی بە "درۆی گەورە" وەسف کرد. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش، جەختی کردەوە رەتکردنەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی "کێشەیەکی زۆر گەورەیە."
لە بەرامبەردا، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای خامنەیی، رایگەیاند ئەگەر کێشەی ئەمریکا تەنیا چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا گەیشتن بە رێککەوتن لەبەردەستدایە، چونکە ئەمە لەگەڵ فەتوای رێبەری باڵا و بنەماکانی بەرگریی ئێراندا دەگونجێت.
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتووی ڤییەنان، کە وەک دواین دەرفەت بۆ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەر دەبینرێن.