ئێران: ژێرخانی ستراتیژیمان پارێزراون
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی ئێران دڵنیایی دەداتە خەڵک ژێرخانە هەستیارەکان لە ئاستێکی بەرزی بەرگریدان و هۆشداریش دەدات هێرشکارەکان "باجێکی قورس" دەدەن.
لە راگەیێنراوێکدا رێکخراوی بەرگریی شارستانیی ئێراندا دەڵێت:" تۆڕی کارەبای وڵات بە جۆرێک داڕێژراوە لە رووی جوگرافییەوە دابەش کراوە و لە رووی فیزیکی و سایبەرییەوە قایم کراوە، ئەمەش وادەکات، تەنانەت لە کاتی تێکچوونیشدا، بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان گەرەنتی بکرێت."
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەموو سیناریۆکانی "جەنگی ژێرخانەکان" و پلانی چاککردنەوەی خێرای کەرتی وزە داڕێژراون و لە کورتترین ماوەدا جێبەجێ دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە : "بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران و جەنگی 12رۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا، ژێرخانە زیندووەکانی وڵات لە ئاستێکی بەرزی بەرگریدان و هەر کارێکی دوژمنکارانە تێچوویەکی زۆر بۆ هێرشبەرەکە دەبێت."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر تۆڕی کارەبا لە ئێران کردبوو، بەڵام دواتر رایگەیاند، بەهۆی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە تاوەکو 5 رۆژی دیکە ئەو کارە ناکەن.