کۆمەڵگەی خاچی سووری ئێران: بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەر عەباسەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی بەهاناوەچوون و کۆمەڵگەی خاچی سووری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەندەر عەباسەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 500ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران، تەقینەوەیەک روویدا. میدیای فەرمیی ئێران لە زاری باباک مەحموودی، سەرۆکی رێکخراوی بەهاناوەچوون و کۆمەڵگەی خاچی سوورەوە بڵاویکردەوە، "بەداخەوە، لانیکەم دۆزینەوەی 5 تەرم لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە". دەشڵێت، زیاتر لە 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای تەقینەوەکە، کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا رایگەیاند: "چەند خولەکێک لەمەوبەر تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری شەهید رەجایی روویدا، بەڵام هیشتا هۆکارەکەی دیارنییە."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دڵتەنگیی خۆی بۆ رووداوەکە دەربڕی و رایگەیاند، "فەرمانی بە لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە و هۆکاری روودانی" کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێرانی بە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دیاریکردووە.
بەپێی میدیای ئێران، تەقینەوەکە زۆر بەهێز بووە و تاوەکو چەند کیلۆمەتر دوورتر لە شاری بەندەرعەباس دەنگەکەی بیستراوە.
میدیای ئێران دەڵێت، بەهۆی تەقینەوەکەوە، زیانێکی زۆر بە ئۆتۆمبێل و باڵەخانەکانی نزیک شوێنەکە کەوتووە.
لە میدیای ئێران زانیاریی جیاواز لەبارەی رووداوەکە بڵاودەکرێتەوە، بەشێکیان دەڵێن، تەقینەوە لە باڵەخانەیەکی ئیداری بەندەری شەهید رەجایی شاری بەندەر عەباس روویداوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بکەن. بەشێکی دیکەشیان رایانگەیاندووە، ئاگرکەوتنەوە لە کۆگەیەکی سووتەمەنی لە بەندەرەکە هۆکاری تەقینەوەکەیە.
دوای تەقینەوەکە، ئاگرێکی گەورە لە بەندەری شەهید رەجایی کەوتەوە و دووکەڵێکی رەش بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.
میدیای ئێران دەڵێت، دوای تەقینەوە هەموو چالاکییەکانی بەندەرەکە راگیرا و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەردەوامن.
دەیان تیمی ئاگرکوژینەوە و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی تەقینەوەکە. تیمەکانی ئاگرکەوتنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و تیمەکانی فریاکەوتن بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان دەگوازنەوە.
کۆمپانیای نیشتیمانی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "تەقینەوەکەی بەندەری شەهید رەجایی بەندەر عەباس هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پاڵاوگەکان و کۆگاکانی سووتەمەنی، دابەشکردن، بۆری و هێلەکانی گواستنەوەی نەوتی کۆمپانیەکە نییە و هەموو دامەزراوەکانی نەوتی لە بەندەرعەباس بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانیان بەردەوامە."