عەباس عێراقچی لە مەسقەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئیسلامئاباد
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ عومان، جارێکی دیکە سەردانی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بکاتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، 24ی نیسانی 2026 گەیشتە ئیسلامئاباد و، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، شەوی شەممە 25ی نیسان گەیشتە مەسقەت پایتەختی عومان.
میدیای ئێران دەڵێ، بەپێی پلانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عێراقچی پێش ئەوەی بەرەو رووسیا بەڕێبکەوێت، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە پاکستان.
هەروەها میدیای ئێران رایگەیاند، بەشێک لەو شاندەی یاوەری وەزیری دەرەوە بوون، دوای راوێژەکانیان لە ئیسلامئاباد، بۆ وەرگرتنی رێنمایی پێویست سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە جەنگ گەڕاونەتەوە تاران و، بڕیارە شەوی یەکشەممە لە پاکستان تیمەکە پەیوەست بن بە عێراقچییەوە.
پاش ئەوەی 24ی نیسان عەباس عێراقچی گەیشتە ئیسلامئاباد، ئەمریکاش رایگەیاند، شاندی دانوستانکار کە بریتییە لە جارید کۆشنەر، راویژکاری ترەمپ و ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەنێرێتە ئیسلامئاباد بۆ دانوساندنا لەگەڵ ئێران. بەڵام رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،لە کۆشکی سپی راگەیاند، ئێرانییەکان دەتوانن لە هەر کاتێکدا بییانەوێت پەیوەندی بە ئەمریکاوە بکەن، بەڵام ئەو ئامادە نییە شاندەکەی بنێرێت بۆ گفتوگۆیەک کە بە بێسوودی دەبینێت. ترەمپ گوتیشی: "ئێوە ئیدی گەشتی 18 کاژێری ناکەن بۆ ئەوەی لەوێ دابنیشن و باسی هیچ نەکەن."
ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە پاکستان بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی ئەتۆمی بە بنبەست گەیشت.
ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستووەتە سەر ئێران و تاران دەڵێت: تاوەکو گەمارۆکان هەڵنەگیرێن، ناگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆی راستەوخۆ.