وەڵامی ئێران بۆ ترەمپ: لە بەرامبەر هەر بیرە نەوتێک چوار بیرە نەوتی ناوچەکە دەکەینە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و رادەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێک یان زیانگەیشتن بە کێڵگەکانی نەوتی وڵاتەکەی، بە چوار هێندە وەڵامیان دەبێت و بیرە نەوتەکانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئیسماعیل سەقاب ئیسفەهانی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری وزە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەگەری زیانگەیاندن بە بیرە نەوتەکانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، لە بەرامبەر هەر بیرە نەوتێک، چوار بیرە نەوت لە ناوچەکەدا بۆردوومان دەکرێن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئاماژەی بە هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی نەوتی وڵاتەکەی کردووە و نووسیویەتی: "ئێمە وەڵامی هەر کردەوەیەکی جەنگی دەدەینەوە."
سەقاب ئیسفەهانی دەڵێت: "ئەگەر وەک ئەوەی ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکات، هەر بەشێکی ژێرخانەکانمان و لەنێویاندا بیرە نەوتەکان بەهۆی گەمارۆکانەوە زیانیان پێبگات، دڵنیایی دەدەین کە چوار هێندە زیان بە هەمان ژێرخان لەو وڵاتانە دەگەیێنین کە پاڵپشتی لە دەستدرێژیکار دەکەن."
جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێز دەڵێت: "بیرکاریی ئێمە جیاوازە؛ یەک بیرە نەوت یەکسانە بە چوار بیرە نەوت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی هۆشداریی دا لەبارەی داڕووخانی کەرتی نەوتی ئێران و رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانەوە ئێران ناتوانێت نەوتەکەی لە کۆگەکان یان لە کەشتییەکاندا هەڵبگرێت، ئەمەش وایکردووە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە نێوخۆ و لەژێر زەویدا "بتەقنەوە."
ترەمپ گوتی، ئێرانییەکان دەڵێن: سێ رۆژیان لەبەردەم ماوە، پێش ئەوەی ژێرخانی نەوتییان بتەقێتەوە. "هەرگیز ناتوانرێت وەک خۆی چاک بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر چاکیش بکرێتەوە، تەنیا 50٪ـی توانای جارانی دەبێت."