پۆلیسی تاران: سێ یەکەی بازرگانی بەهۆی بەکارهێنانی ستارلینکەوە داخران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی تاران سێ یەکەی بازرگانیی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و "سیخوڕی" داخست؛ بە گوتەی پۆلیسی تاران، یەکێک لە تۆمەتباران 19 جار وێنە و ڤیدیۆی شوێنە هەستیارەکانی بۆ میدیاکانی دەرەوەی ئێران ناردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکانی سەر بە پۆلیسی هەواڵگریی تاران رایگەیاند، دوای بەدواداچوون بۆ زانیارییەکانی هاووڵاتییان، سێ یەکەی بازرگانییان لە باکووری رۆژئاوای تاران دەستنیشان کردووە کە ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک)ـیان بە "نایاسایی" بەکارهێناوە.
پۆلیس دەڵێت: "خاوەنی ئەو یەکانە لەژێر پەردەی کارکردن لە بازاڕە داراییەکان (فۆرێکس و کریپتۆ)، پەیوەندییان بە تۆڕە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کردووە. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان 19 جار وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە جەنگ و ئەو شوێنانەی کە مووشەکیان بەرکەوتووە، بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە."
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو ئەحمەدرەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 400 کەسیان بە تۆمەتی وێنەگرتن لە شوێنی بەرکەوتنی مووشەکەکان و ناردنی زانیاری بۆ "دقوژمن" دەستگیر کردووە.
حکومەتی ئێران بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ستارلینک بە "بەزاندنی سەروەریی وڵات" و ئامڕازێکی ئەمریکایی بۆ سیخوڕی دەبینێت. لە بەرامبەردا واشنتن پشتیوانی لە دەستڕاگەیشتنی ئێرانییەکان بە ئینتەرنێتی ئازاد دەکات.
پۆلیسی ئێران جەخت دەکاتەوە کە هەر جۆرە وێنەگرتنێک لە بنکە سەربازییەکان یان شوێنی بەرکەوتنی مووشەکەکان، وەک "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی" هەژمار دەکرێت و سزای تووندی لەسەرە.