٪12ـی دانیشتووانی ئێران پیرن
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی ئێران دەڵێت: "پێشبینی دەکرێت ساڵی 2051 رێژەی پیری لە ئێران بگاتە نزیکەی 30٪ی دانیشتووان".
رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025، جەواد حوسێنی رایگەیاند، "10 ملیۆن و 200 هەزار کەس لەو وڵاتە پیرن کە دەکاتە 12٪ـی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە."
جەواد حوسێنی گوتی: "پێشبینی دەکرێت ساڵی 2051 رێژەی پیر لە ئێران بکاتە نزیکەی 30٪ـی دانیشتووان و لە ساڵی 2051 بەدواوەش رێژەکە دوو هێندە بەرز دەبێتەوە."
جەواد حوسێنی ئاماژەی بەوەشکرد، "60٪ی بەساڵاچوونی ئێران ژنن و هۆکارەکەشی ئەوەیە، هیوا بە ژیان لە نێو ژناندا زیاترە."
سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی ئێران گوتیشی: "22٪ی بەساڵاچووانی ئێران هەژارن و 50٪یان هەست بە تەنیایی دەکەن. 62٪یشیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە."
پێشتر ناوەندی ئاماری ئێران پێشبینی کردبوو، ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە سەرەتاکانی ساڵی 2051 بەرەو کەمبوونەوە بچێت.
هەر بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرەو بەساڵاچوون دەچن، بە جۆرێک ئێستا لە هەر 100 کەس 8 کەسیان لە تەمەنی 65 ساڵ و سەرووترن. ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2016دا بە جۆرێک بوو کە لە هەر 100 کەس 6 کەس 65 ساڵ و زیاتر بوون.
ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژە بە رەگەزی دانیشتووان کراوە و دەڵێت، لە بەرامبەر هەر 101 رەگەزی نێر، 100 رەگەزی مێ هەیە.
ئەوەی پەیوەندیی بە ژمارەی خێزانەکانەوە هەیە، لە ساڵی 2016 ژمارەی خێزانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 24 ملیۆن و 196 هەزار خێزان بووە، بەڵام ئەم ساڵ بووەتە 28 ملیۆن و 81 هەزار خێزان، کە لەو ژمارەیە 22 ملیۆن و 129 هەزار خێزانی لە شار و شارۆچکەکان و 5 ملیۆن و 952 هەزار خێزانیش لە گوندەکان دەژین.