ئێران رەتیدەکاتەوە رازی ببێت پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە، ئێران رازی بووبێت بۆ ماوەی سێ ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.
رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی لەبارەی رازیبوونی ئێران بە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی سێ ساڵ بڵاوکراونەتەوە، راست نین."
بەقایی گوتی: "ئێران بەرامبەر بە داوای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم نەرمی نانوێنێت."
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دانوستاندنەکانماندا لەگەڵ ئەمریکا بەدوای کات بەفیڕۆداندا نەبووین و بە هیچ شێوەیەک بچووکترین سازش لە سەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێراندا ناکەین."
بەقایی گوتیشی: "تاوەکو ئەو کاتەی بزانن بە سوودی ئێرانە، بەردەوام دەبن لە دانوستاندنکردن لەگەڵ ئەمریکا و بۆ گەڕی شەشەمی دانوستاندنیش لەگەڵ عومان لە راوێژدان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها دەڵێت، سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ عومان پەیوەندی بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکاوە نییە و لە چوارچێوەی پەیوەندی دوو لایەنەی وڵاتەکاندایە.
بڕیارە سەرۆککۆماری ئێران سبەی سێشەممە سەردانی عومان بکات و لەگەڵ سوڵتانی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.