خامنەیی: زلـلەیەکی تووندمان لە ئەمریکا دا


رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە جەنگی 12 رۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل، نزیکبوو ئیسرائیل بڕووخێنن. هەروەها دەڵێت، ئەمریکا هاتە نێو جەنگەکە "بەڵام زلـلەیەکی تووندی بەرکەوت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا رایگەیاند، بە ئەرکی خۆی دەزانێت چەند پیرۆزباییەک لە گەلی ئێران بکات، یەکەمیان بەهۆی "سەرکەوتن"یان بەسەر ئیسرائیلدا.
 
خامنەیی گوتی، "سەرەڕای ئەو هەموو ژاوەژاو و پڕوپاگەندە و تۆمەتانە، ئیسرائیل بەهۆی گورزی کۆماری ئیسلامی نزیک بۆ لە داڕمان."
 
پیرۆزبایی دووەمی خامنەییش هەر پەیوەندی بەو جەنگە 12 رۆژییەوە هەبوو و گوتی: "دووەم پیرۆزبایی پەیوەندی بە سەرکەوتنی ئێران بەسەر ئەمریکاوە هەیە، ئەمریکا راستەوخۆ هاتە ناو شەڕەکەوە، چونکە هەستی بەوە دەکرد ئەگەر نەیەتە ناو جەنگەکەوە ئیسرائیل بە تەواوی لەناو دەچێت، بەڵام لەم جەنگەدا ئەمریکا هیچ قازانجێکی نەکرد."
 
خامنەیی گوتیشی، "لێرەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوت و لە بەرامبەردا زلـلەیەکی تووندی لە روومەتی ئەمریکا دا."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی ئێران کرد، بە گوتەی ئەو لەکاتی جەنگەکە "یەکڕیز و یەکگرتوو" بوون و پشتگیریی هێزە چەکدارەکانیان کردووە.
 
خامنەیی گوتی: "گەلی ئێران لەم بابەتەدا سیمای دیاری خۆی نیشان دا و نیشانی دا لەکاتی پێویستدا یەک دەنگ لەم نەتەوەیە دەبیسترێت."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها باسی لەوە کرد، "سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوان و بەیاننامەکانیدا، رایگەیاندووە ئێران دەبێت خۆی رادەست بکات. خۆ بەدەستەوەدان! ئیدی قسە لەسەر پیتاندن نییە، پەیوەندی بە پیشەسازیی ئەتۆمیییەوە نییە، پەیوەندی بە تەسلیمبوونی ئێرانەوە هەیە، ئەو قسەیە بۆ دەمی سەرۆککۆماری ئەمریکا زۆر گەورەیە."
 
ئەو پەیامەی رێبەری باڵای ئێران، سێیەم پەیامی ئەو بوو دوای جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل، کە بەرەبەیانی رۆژی 13ـی مانگ بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی شەڕی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند.