سەڕەرای ئاگربەست، ئێرانییەکان لە دۆخی ئاسایش و ئابووری نیگەرانن


رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل، شەقامەکانی تارانی پایتەختی ئێران نیشانەکانی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەیان پێوەدیارە، بەڵام هێشتا وەکو جاران قەرەباڵخ نین.
 
سەعید، فرۆشیارە و دەڵێت، "سوپاس بۆ خوا دۆخەکە باشتر بووە. ئاگربەست کراوە و خەڵک گەڕاونەتەوە سەر کار و ژیانی خۆیان."
 
دوای 12 رۆژ جەنگێکی سەخت لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لە نێوان هەردوو وڵات راگەیاند.
 
هەردوو وڵات پابەندبوونیان بە ئاگربەستەکە راگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی هەردوولا هۆشدارییان داوەتە یەک کە لە کاتی پێشێلکردنی ئاگربەستەکە، وەڵامێکی تووندیان دەبێت.
 
ئەو فرۆشیارە دەشڵێت، "پێموایه ئاشتی له لایەن ئێرانەوه بەردەوام دەبێت، بەڵام ئیسرائیلییەکان هەرگیز پابەندی قسە و بەڵێنەکانیان نەبوون. خوا بکات لە لایەن ئەوانیشەوە بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر نەیکەن، ئێران وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان دەداتەوە."
 
شەڕی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ و ژیانی خەڵکی ئێران هەبووە و نرخی شتومەکی، بە تایبەت خۆراک لە بازاڕەکاندا زۆر بەرز کردووەتەوە.
هاووڵاتییان لە دۆخەکە نیگەرانن و دەڵێن، بەهۆی شەڕەکەوە کێشەکانیان زیاتر بوون.
 
موژگان، دانیشتوویەکی دیکەی تارانە، دەڵێت: "زۆر نیگەرانین، چونکە بەدڵنیاییەوە چینی لاوازی کۆمەڵگە لاوازتر دەبن، لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان پێشدەکەون و بەهێزتر دەبن. نرخی خۆراک دوو هێندە زیاد دەکات، هەروەها نرخی دۆلار و زێڕ بەرزدەبێتەوە. هەموو شتێک لە شەو و رۆژێکدا زۆر گران دەبێت. بە دڵنیاییەوە کێشەکانمان چارەسەر نەبوون، بەڵکو زیاتریش دەبن."
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە جەنگی 12 رۆژی نێوان ئیسرائیل و ئێران، 627 کەس لە ئێران کوژران. زیانە ئابوورییەکانیش لەسەر ئێران، بە پێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.