وەزیری دەرەوەی ئێران: دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانی جدییان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، زیانی جدی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان کەوتووە و دەنگۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیش لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، زیانێکی "جدی" بە بنکە ئەتۆمییەکانیان کەوتووە و تیمێکی شارەزا لێکۆڵینەوە لە زیانەکان دەکەن.
دوای ئەوەی رۆژی 22ـی ئەم مانگە ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی وڵاتەکە، چەندین جار باسی "کۆتاییهێنان"ـی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەو هێرشەی کردیانە سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان، پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەیان "چەندین دەیە" گەڕاندووەتەوە دواوە.
ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای ئێران باسی زیانەکانی وڵاتەکە بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە دەنگۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەکەنەوە نابێت بە جدی وەربگیرێن.
عێراقچی گوتیشی، "دەمەوێت بەڕوونی بیڵێم، هیچ رێککەوتنێک، رێکخستنێک یان گفتوگۆیەک نەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان."
قسەکانی عێراقچی دوای ئەوە هات، رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە لووتکەی ناتۆدا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکەن و "رەنگە رێککەوتنێک بکەین."