هێرشکرایە سەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی زاهیدانی ئێران؛ 8 کوژراو و 13 بریندار هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکدا بۆسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە شاری زاهیدانی ئێران، 3 لە هێرشکارەکان و 5 کەسی دیکە کوژران، 13 کەسی دیکەش بریندارن.
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 26ی تەممووزی 2025 ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کە دەکەوێتە شەقامی ئازادیی شاری زاهیدان.
 
بەگوێرەی میدیای ئێران، چەکدارە هێرشکارەکان چوونەتە نێو باڵەخانەکەوە، تەقەیان کردووە و پێکدادان لەنێوان هێرشکارەکان و هێزە ئەمنییەکانی نێو باڵەخانەی دادی زاهیدان دروستبووە.
 
تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە، هەروەها هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە.
 
وەکو میدیای ئێران دەڵێت، لە هێرشەکەدا 8 کەس کوژراون، کە سێ کەسیان لە چەکدارە هێرشکارەکانن، هەروەها 13 کەسیش بریندار بوون کە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەکان گوێزراونەتەوە.
 
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی ئەمڕۆی لەئەستۆ گرت.