بەئامادەبوونی هەزاران کەس تەرمی چوار ژینگەپارێزەکەی مەریوان بەخاکسپێردرا
رووداو-هەولێر
رۆژی رابردوو لە رێوڕەسمێکی شکۆدار تەرمی شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، محەممەد پەژووهی و رەحمەت حەکیمی نیا ئەو چوار چالاکڤانە ژینگەپارێزە بە خاکسپێردرا کە رۆژی شەممە لەکاتی کوژانەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانیان لەدەستدا.
لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنەکەدا هەزاران کەس بەشدار بوون و درووشمی نیشتمانی و نەتەوەییان دەگوتەوە و ئەم چوار کەسەیان بە شەهیدی رێگەی نیشتمان ناوبرد. هێشتا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە گوماناوییە و کەسانێک پێیانوایە سرووشتی نەبووە. داواش دەکرێت رۆژی گیانلەدەستدانی ئەم ژینگەپارێزانە بەڕۆژی ژینگەپارێزی بناسرێت.
شەقامەکانی مەریوان تەنرابوون و لەوشارە ماتەمینی گشتی بوو، لە رێوڕەسمەکەدا بە درووشمی نەتەوەیی و نیشتمانی (دوژمن خەیاڵت خاوە، هەزاران شەهید ماوە یا هەتا کوردێک بمێنێ، دارستانیش دەمێنێ) تەرمی ئەو چوار ژینگەپارێزە بەخاکسپێردرا.
گیانلەدەستدانی ئەم ژینگەپارێزانە ناڕەزایەتی و تووڕەیی زۆری دروستکردووە. ئەمە لە درووشمی خەڵکدا رەنگی دایەوە. زۆر کەس هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بە ئەنقەست دەزانن. هێشتا هۆکاری گیان لەدەستدانیان دیار نییە، بەگوتەی ناجی کانی سانانی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، دووکەڵ و گڕی بەتینی ئاگر بووە. ئەو دەڵێ: لەو کاتەدا کە تیمەکانی ئەوان خەریکی کۆنترۆڵی ئاگربوون تەقینەوەش روویداوە، بەڵام ئەمە هۆکاری گیانلەدەستدانیان نەبووە. ئەندامێکی دیکەشیان هێشتا دوای دوورۆژ بێسەروشوێنە.
لەم رێوڕەسمەدا خەڵک و ئۆگرانی ژینگە لە زۆر شوێنی ئێرانەوە هاتبوون. هەروەها لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە خەڵکانێک بۆ رێزگرتن لە تێکۆشان و هەوڵی بێوچانی ژینگەپارێزانی مەریوانی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
گیان لەدەستدانی ئەوان ژانێکی گەورەیە کەلە چالاکی ژینگە پارێزەکان دەکەوێ. بۆیە زۆر کەس داوایانکردووە رۆژی گیانلەدەستدانیان وەک رۆژی ژینگەپارێزی دیاریی بکرێ. تاوەکو رێگەیان درێژەی هەبێت.