پۆلیسی ئێران: هەندێک کەس بە ناوی کۆڵبەری چەک بۆ نێو ئێران دەگوازنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەداتە کۆڵبەران و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە بە قاچاخ چەک دەگوازنەوە نێو ئێران.
 
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فەرماندەی نوێی پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، یاسا سنوورەکانی دیاری کردووە و هاتووچۆی نایاسایی لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت نایاساییە، تەنانەت ئەگەر هیچیش لەگەڵ خۆیدا نەهێنێت.
 
جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران گوتی، "پۆلیس پاڵپشتی دانیشتوانی سنوور و کۆڵبەرانە، بەڵام کەسێک لە نیوەی شەودا تەقە لە پاسەوانانی سنوور بکات و کەلوپەلی نایاسایی بهێنێتە نێو وڵات، نابێت پشتگیری لێ بکرێت، چونکە ئەوە مانای ئەوەیە پاسەوانانی سنوور چەک بکرێن."
 
قاسم رەزایی دەڵێت: "بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، هەندێک کەس لەژێر پەردەی کۆڵبەریدا چەک و کەلوپەلی نایاسایی دەهێننە نێو وڵاتەوە، بۆیە چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە جیاوازە و بە توندی رووبەڕوویان دەبینەوە."
 
جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ئاماژە بە یاسای رێگری لە هەر جۆرە هاتووچۆیەکی نایاسایی لە سنوورەکان دەکات و دەڵێت: "قاچاخچی وەکو دوژمن نابینین، بەڵکو وەکو سەرپێچیکار دەبینین و بەپێی یاساش رووبەڕوویان دەبینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ژێر پەردەی قاچاخدا، هەندێک کەس چەک و تەقەمەنی بۆ نێو ئێران دەگوازنەوە."
 
سەبارەت بە رووداوەکانی تەقەکردن لە کۆڵبەرانیش، قاسم رەزایی رایگەیاند، لە نیوەی شەودا ئەوانەی بە نایاسایی لەسەر سنوورەکان هاتووچۆ دەکەن، ناناسرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانانی سنوور داوایان کردووە، فیشەکی پلاستیکیان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی تەقەکردنەکاندا قوربانی لێنەکەوێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە شاری سنە، یەحیا ئیلاهی، فەرماندەی نوێی پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی دەستبەکاربوو.