رێوڕەسمی زۆر و خراپی دۆخی دارایی "هاوژینیی سپی" لە ئێران زیادکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
دیاردەی "هاوژینیی سپی" (White Marriage) لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ئێران بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیا و کۆمەڵگە، کە ئاماژەیە بۆ ژیانی پیاو و ژنێک پێکەوە بەبێ ئەوەی بە فەرمی مارە ببڕێن یان گرێبەستی هاوسەرگیری بکەن. سەرەڕای نەبوونی ئاماری فەرمی، شارەزایان هۆشداری دەدەن لەبارەی مەترسییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم جۆرە پەیوەندییە، کە بە یاساکانی ئێران بە تاوان دادەنرێت.
 
کێشە یاسایی و شەرعییەکان
 
ئەم جۆرە ژیانە پێکەوەییە بە تایبەت لە شارە گەورەکانی ئێران پەرەی سەندووە و سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی هەڵە وادەزانن لە چوارچێوەی "مارەبڕینی کاتی" شەرعی دایە، بەڵام پسپۆڕانی یاسایی ئەم بۆچوونە رەت دەکەنەوە.
 
مریەم حوسێنی، پارێزەر، لەوبارەیەوە دەڵێت: "بەداخەوە تێگەیشتنێکی هەڵە لە کۆمەڵگەی ئێران هەیە کە پێیانوایە ئەم هاوژینییە سپییە لە چوارچێوەی هاوسەرگیرییەکی شەرعیدایە، بەڵام وانییە. ئێمە دەبینین کە ئەم جۆرە پەیوەندییە تۆمار نەکراوە و لەڕووی یاساییەوە رێگەپێدراو نییە، نە بنەمایەکی شەرعی هەیە، تەنانەت لە یاساکانی ئێراندا بە تاوان دادەنرێت."
 
 
زیانە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان
 
بەشێک لە بەرپرسان و کۆمەڵناسانی ئێرانی پێیانوایە، دیاردەکە بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاوازەوە لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە و لێکەوتەی نەرێنی لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات.
 
د. یوسف خانی، راوێژکاری خێزان و پسپۆڕ لە بواری زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە سنە، جەخت لەسەر کاریگەرییەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "لێکەوتەی نەرێنی هەیە، لێکەوتەی لەسەر کەسەکان، خێزانەکان، کۆمەڵگە و هەروەها لێکەوتەی یاسایی هەیە. لەسەر ئاستی کەسی، نائەمنی سۆزداری و دەروونی لێدەکەوێتەوە. زیان بە متمانەبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤەکان دەگەیەنێت، زیانی سێکسی و جەستەییش لێدەکەوێتەوە. لە بابەتی خێزان دا، دەبێتە هۆی لاوازبوونی بنیاتی خێزان، چونکە بەڕاستی خێزان لاواز دەکات و لەنێو دەبات."
 
هۆکارەکانی زیادبوون
 
خراپی دۆخی ئابووریی ئێران، کاریگەریی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە کولتوورییەکانی نەوەی نوێ بە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم جۆرە پەیوەندییە لە شارە گەورەکان دادەنرێن.
 
حیسام مەعروفزادە، راوێژکاری خێزان و هاوسەرگیری، هۆکارەکان دەخاتەڕوو: "تێچووی زۆر لە هاوسەرگیریی فەرمیدا، هەروەها رێوڕەسمە جیاوازەکانی بنەماڵەکان و روانینێکی نەریتی بووەتە هۆی ئەوەی کە لاوان دڵسارد ببنەوە لە هاوسەرگیریی فەرمی. دووەمین هۆکار، روودانی گۆڕانکاری لە بیر و بڕوایە. دەستڕاگەیشتنی گەنجان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دیتنی ژیانی خەڵکی وڵاتانی دیکە بووەتە هۆی گۆڕینی بڕوا و روانینیان."
 
زیادبوونی ئەم دیاردەیە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 17 ملیۆن کەس لە ئێران کە تەمەنیان لە خوار 45 ساڵانە، بەهۆکاری جیا هاوسەرگیرییان نەکردووە.