فەرمانبەرانی حکومەتی ئێران داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بە هەزاران فەرمانبەری حکومەت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو مووچەکەیان لانیکەم 50% زیاد بکرێت.
 
زیاتر لە 24 هەزار فەرمانبەری حکومی نامەیەکیان ئاراستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کردووە و تێیدا داوا دەکەن، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی وڵاتەکە مووچەکانیان لانیکەم 50% زیاد بکرێت.
 
حکومەتی ئێران لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 1405ـدا دایناوە، مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت 20% زیاد بکرێت.
 
ئەو فەرمانبەرانەی تۆمارەکەیان واژۆ کردووە دەڵێن، "جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان هەڵاوسان و زیادکردنی مووچەی ساڵانەی فەرمانبەران، ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی توانای بە ملیۆنان فەرمانبەری حکومەت بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانیان زۆر دابەزێت."
 
بە گوتەی ئەو فەرمانبەرانە، "بەپێی یاسا، حکومەت دەبێت بەپێی رێژەی هەڵاوسان، رێژەی مووچەی ساڵانەی فەرمانبەر و کرێکاران زیاد بکات، بەڵام چەند ساڵە رێژەی زیادکردنی مووچە زۆر کەمتر بووە لە هەڵاوسان؛ ئەوەش بووەتەهۆی کەمبوونەوەی بەهای راستەقینەی مووچە و بەشی زۆری فەرمانبەران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین."
 
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە ئێران 48.6%، هەڵاوسانی ساڵانە 38.9% و هەڵاوسانی مانگ بە مانگ 5%ـە، بەڵام بەشێکی دامەزراوە و شارەزایانی ئابووریی ئێران دەڵێن، رێژەکە زیاترە. بەپێی بەراوردی مەیدانیی ماڵپەڕی 'ئێکۆ ئێران' نرخی بەتایبەت خواردەمەنییەکان لە ساڵێکدا زیاتر لە 100% بەرزبووەتەوە.
 
حکومەتی ئێران دەوروبەری دوو ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەڵام بە گشتی نزیکەی 12 ملیۆن کەس مانگانە لە حکومەتی ئێران مووچە وەردەگرن.