سکرتێری حیزبێکی ریفۆرمخواز لە ئێران بەهۆی باسکردنی نامەی پزیشکیان بۆ ترەمپ درایە دادگە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی قسەکردن لەبارەی پرسی ناردنی پەیامێک لەلایەن سەرۆککۆماری ئێرانەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا، داواکاری گشتیی تاران دۆسیەی دژی مستەفا کەواکبیان، پەرلەمانتاری پێشووی تاران و سکرتێری حیزبی مەردوم سالاری ئێران کردەوە.
 
ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند: "داواکاری گشتیی تاران چالاکڤانێکی میدیایی و پەرلەمانتارێکی پێشووی داوەتە دادگە بەهۆی بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەکی ناڕاست لە پەیوەندی لەگەڵ نامەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چەندین جار روون کراوەتەوە، نامەی مەسعود پزیشکیان بۆ محەممەد بن سەلمان نامەیەکی ئاسایی و تایبەت بووە بە مژاری حەج و هیچ بابەتێکی دیکە لە نامەکەدا باس نەکراوە.
 
مستەفا کەواکبیان، پەرلەمانتاری پێشووی تاران و سەرۆکی حیزبی مەردوم سالاریی ئێران، رۆژی 23-11-2025 لە هەڤپەیڤین لەگەڵ میدیایەکی نێوخۆی ئێران گوتی، پزیشکیان لە نامەیەکدا بۆ محەممەد بن سەلمان پەیامێکی بۆ دۆنالد ترەمپ ناردووە لەبارەی ئامادەیی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن و پەیامەکەی پزیشکیان بۆ ترەمپ بە رەزامەندی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نێردراوە؛ هەروەها رایگەیاند، نامەکەی پزیشکیان رۆژێک پێش چوونی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لەلایەن سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێرانەوە گەیێندراوەتە دەست محەممەد بن سەلمان.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژێک دواتر ئەو قسەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند، نامەکەی پزیشکیان بۆ محەممەد بن سەلمان نامەیەکی ئاسایی بووە لەبارەی کاروباری حەج و هیچ پەیامێکی بۆ ئەمریکا تێدا نەبووە.
 
محەممەد بن سەلمان و دۆناڵد ترەمپ لە 18ـی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. جگە لە مستەفا کەواکبیان، ژمارەیەک میدیا و رۆژنامەی دیکەی نێوخۆی ئێران رایانگەیاند، محەممەد بن سەلمان نێوبژیوانی لەنێوان تاران و واشنتن دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران، سعودیە و ئەمریکا بە فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.