ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت؛ "4 ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخی پێبووە"


رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، بە تۆمەتی "بەقاچاخبردنی سووتەمەنی"، هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بیانی دا گرتووە. 
 
رۆژی هەینی، 26-12-2025، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری موجتەبا قەهرەمانی، بەرپرس لە پارێزگەی هورمزگان بڵاوی کردەوە، کەشتییەکە 4 ملیۆن لیتر (نزیکەی 25,000 بەرمیل) "سووتەمەنیی قاچاخی" پێبووە.
 
قەهرەمانی ئاماژەی بەوەش کرد، 16 کارمەندی کەشتییەکە کە هەموویان بیانی بوون، دەستگیرکراون، بەڵام ئاماژەی بە وڵاتینامەی کارمەندەکان و ئاڵای وڵاتی کەشتییەکە نەکرد.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن لقی "ناوچەی یەکەمی هێزی دەریایی سوپای پاسداران"ـەوە ئەنجام دراوە. دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم هەنگاوە بە "گورزێکی کەمەرشکێن" بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتی ناودەبەن.
 
گەرووی هورمز کە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ، چەندین ساڵە بووەتە خاڵێکی سەرنجی ململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
تاران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی ئەو رێڕۆ ئاوییەی کردووە، لە بەرامبەریشدا کەشتیگەلی 5ـی ئەمریکا کە لە بەحرێن جێگیرە، بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتییەکان بەردەوام چاودێریی ناوچەکە دەکات.