جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ نەبووە

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەو کاتەوەی ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، وڵاتەکەی هیچ پەیام و نامەیەکیان لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕ نەکردووە.
 
رۆژی دووشەممە 27-01-2025، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "چەند رۆژێکە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربووە، تاوەکو ئێستا هیچ پەیامێک لەنێوانمان ئاڵوگۆڕ نەکراوە."
 
ئەمە دووەم جارە دۆناڵد ترەمپ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا؛ لە خولی یەکەمیدا کە لە 20-01-2017 دەستیپێکرد، ترەمپ پەیڕەوی سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ـی کرد و ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشاندەوە و چەندین سزای قورسی بەسەردا سەپاند.
 
هەرچەندە تاران چەندین هەوڵیداوە رێککەوتنەکە بخاتەوە سەر رێچکەی خۆی، بەڵام سوودی نەبووە.
 
دیپلۆماتە باڵاکەی ئێران گوتی: "ئێمە پێویستە بە ئارامی و لەسەرخۆیی پلان دابنێین. هەرکاتێک سیاسەتی لایەنی بەرامبەر [ئەمریکا] راگەیێنرا، ئێمەش بەگوێرەی سیاسەتەکە دەجوڵێینەوە."
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هیوادارە خۆی لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدوور بگرێت.
 
ئێران چەندین جار خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دووبارە رێککەوتنەکە زیندوو بکرێتەوە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، کە لە تەممووزی پار دەستبەکاربوو، داوایکردووە چیدیکە وڵاتەکەی [لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی] دانەبڕێنرێت.
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگە ترەمپ جارێکی دیکە چووەوە کۆشکی سپی. بەرپرسە ئێرانییەکان لەسەر پرسی رێککەوتنی ئەتۆمی قسەیان لەگەڵ لایەنی بەریتانی، فەرەنسی و ئەڵمانی کردووە؛ هەردوولاش گفتوگۆکانیان بە "راشکاو و بونیادنەر" وەسفکردووە.
 
تەخت رەوانچی ئاشکرایکرد، پێشتر لە جنێڤ و نیویۆرک دوو جار گفتوگۆ لەسەر پرسی رێککەوتنەکە کراوە، ئەو پێشبینی کرد، گفتوگۆیەکی دیکە "لە مانگی داهاتوو" بکرێت.