بەشێکی زۆری بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران زیان بەر چاویان کەوتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزاییەکانی ئێران، ئامارە پزیشکییەکان ئاماژە بە کارەساتێکی مرۆیی دەدەن؛ بەشێکی زۆری بریندارەکان بەهۆی بەرکەوتنی ساچمە، زیانی قورس بەر چاویان کەوتووە.
 
قاسم فەخرایی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فارابی لە تاران، ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی هەزار بریندار کە پێویستیان بە نەشتەرگەریی بەپەلەی چاو هەبووە، سەردانیان کردوون. فەخرایی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لە بریندارەکان هەردوو چاویان لەدەستداوە. مریەم سەباخی، بەڕێوەبەری پەرستیارانی هەمان نەخۆشخانە، دۆخەکە بە "ناخهەژێن" ناو دەبات و دەڵێت بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارە گەنجەکان، ناچار بوون لە هۆڵەکاندا قەرەوێڵە دابنێن.
 
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا 5,848 کەس کوژراون و زیاتر لە 41 هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون، هەرچەندە حکومەتی ئێران ژمارەی کوژراوەکان بە 3,117 کەس رادەگەیەنێت. هەروەها باس لە برینداربوونی زیاتر لە حەوت هەزار و 800 کەس دەکرێت.
 
ئەم ناڕەزاییانە کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە لە بازاڕی تاران دەستیپێکرد، تەواوی وڵاتی گرتەوە. هەرچەندە بەرپرسانی ئێران دەڵێن دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، بەڵام شوێنەواری برینەکان بە جەستەی گەنجانەوە هەر ماوە.