ئێران بۆ ئەمریکا: ئەگەر شارەزای توانای هێزەکانمان بن، هەرگیز شەڕ هەڵنابژێرن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا، سەربازانی ئەمریکا کەرەستە سەربازییەکانیان لەنێودەبردرێن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج.
رۆژی هەینی، 27-02-2026، ئەبوولفەزڵ شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان بە وردی و ئامادەیی تەواوەوە چاودێریی هەموو جموجۆڵەکانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکەن.
ئەبوولفەزڵ شکارچی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بەرپرسانی واشنتن شارەزای توانای راستەقینەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بن، "هیچ کات باسی شەڕ ناکەن".
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتی: "شەڕخواز نین، بەڵام لە شەڕ ناترسین و بە هێزەوە بەرگری لە نیشتمان و بەرژەوەندیی گەلی ئێران دەکەین."
شکارچی هۆشداری دایە ئەمریکا و گوتی: "هەر هەنگاوێکی دنەدەرانەی سوپای ئەمریکا، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و گورزی تووندی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە."
ئەم هەڕەشانەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان لەکاتێکدایە، سێیەمین گەڕی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ کۆتاییهات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دانوستاندنەکان جیدی و درێژخایەن بوون و "پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، تاران داواکارییەکانی خۆی بە روونی پێشکێش بە لایەنی ئەمریکی کردووە، بەتایبەت لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و پرۆسەی لادانی سزاکان لەسەر ئێران.