ئێران بۆ گرۆسی: ئەرکی تۆ پاراستنە نەک پێشاندانی رێگەی تێکدان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی تووند دەکاتە سەر بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و لێدوانەکانی بە "تێکدەرانە" وەسف دەکات، دەشڵێت: "گرۆسی لە جیاتی ئەوەی کارێکی سوودبەخش بکات، بارودۆخەکە خراپتر دەکات."
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر قسەکانی رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "بەڕێز گرۆسی تاوەکو ئێستا کارێکی سوودبەخشی بۆ ئێران نەکردووە، بەپێچەوانەوە هەر جارە و بە لێدوانە تێکدەرەکانی تەنیا بارودۆخەکە خراپتر دەکات."
ئەم تووڕەییەی تاران دوای ئەوە دێت رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندبوو: "بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بە هێرشی سەربازی لەناو ناچێت. چونکە ئەم بەرنامەیە زۆر فراوانە. بەرنامەیەکە کە لە ماوەی ساڵان و دەیان ساڵ هەوڵداندا بونیادنراوە و لە چەندین شوێنی جیاوازدا بڵاوەی پێکراوە."
ئەو قسەیەی گرۆسی وا لێکدرایەوە کە مەبەستییەتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەنیا بە چەکی ئەتۆمی لەنێودەچێت، ئەمەش کاردانەوەی ئێرانییەکانی لێکەوتەوە.
غەریبئابادی لەو بارەیەوە دەپرسێت: "ئایا ئەمە لێدوانی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە یان شرۆڤەکارێکی میدیایی؟"
بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران خاڵی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێرانە. ئەمریکا داوای دەستبەرداربوونی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات، بەڵام ئێران دەڵێت بەنیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە و بەرنامەکەی ئاشتیانەیە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی ئەوەش لە گرۆسی دەگرێت کە تاوەکو ئێستا هێرشەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییە "ئاشتیخوازەکان"ی ئێرانی سەرکۆنە نەکردووە، بەتایبەت هەردوو هێرشی ئەم دواییەی سەر وێستگەی بوشەهر.
لە شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی پاریشدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران، ئەمریکا دەڵێت لە هێرشەکەدا پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیان لە نێوبرد، بەڵام یەکێک لە پاساوەکانی ئەمدواییەی هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە گوتەی خۆیان رێگری بوو لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
غەریبئابادی بە گرۆسی دەڵێت دەڵێت: "لە جیاتی ئەوەی هۆشداریی جیددی بدات لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان و بەکارهێنانی چەکی تێکدەر و نایاسایی، کەچی دێت و رێگە و شوێنی تێکدانی چالاکییە ئەتۆمییە شەرعی و یاساییەکانی ئێران نیشان دەدات!"
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە تووندی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو لێدوانە "لایەنگرانە و بێدەسەڵاتانەی" بەڕێوەبەری ئاژانسەکە دەردەبڕێت و هۆشداریی جیددی پێدەدات.