ئیسرائیل: گرنگترین ناوەندی بەرهەمهێنانی مووشەک و مینی دەریایی ئێرانمان تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا "گرنگترین" پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و مینی دەریایی لە شاری یەزد کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیاندووە.
ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیا عەرەبییەکان، ئەمڕۆ هەینی لە ئێکس رایگەیاند: "هێزی ئاسمانی هێرشی کردووەتە سەر ناوەندێکی سەرەکیی رژێمی ئێران لە شاری یەزد، کە تایبەت بووە بە بەرهەمهێنانی مووشەک و مینە دەریاییەکان."
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەو پێگەیە بۆ "نەخشەسازی، پەرەپێدان، بەستن و کۆگاکردنی مووشەکی پێشکەوتوو" بەکارهاتووە، کە بڕیاربووە لە رێگەی کەشتیی جەنگی، ژێردەریا و هێلیکۆپتەرەکانەوە دژی ئامانجە دەریاییە جێگیر و جووڵاوەکان بەکاربهێنرێن.
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ناوەندە یەکێک بووە لە "دیارترین ئەو شوێنانەی زۆربەی مووشەک و مینە دەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێرانی تێدا پەرەپێدراوە."
سوپای ئیسرائیل ئەم هێرشە بە تەواوکەری "لەناوبردنی فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران" دادەنێت و دەڵێت: "ئەمە گورزێکی کوشندەیە بۆ تواناکانی بەرهەمهێنان لە ناو هێزە دەریاییەکانی ئێراندا."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران، بە مەبەستی لەناوبردنی ئەو توانایانەی کە تاران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بونیادی ناون.
رۆژی 28ی شوبات هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کوژراون.
جەنگەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، رۆژی هەینی 27-03-2026، ترەمپ بە فۆکس نیوزی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، سوپای ئەمریکا توانیویەتی گورزی کوشندە لە ئێران بوەشێنێت و گوتی: "سوپاکەیان وێران بووە؛ هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان بە تەواوەتی لەناو چوون. ئێمە 154 کەشتیی جەنگیی ئەوانمان ژێرئاو خستووە."
لە سەرەتای جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە، کە رێڕەوی گواستنەوەی 20٪ی نەوتی جیهانە، ئەمەش نرخی سووتەمەنی و کاڵا و خۆراکی لە جیهاندا بەرز کردووەتەوە.
پێشتر ترەمپ مۆڵەتێکی 48 کاژێری دایە ئێران بۆ ئەوەی تەنگەکە بکاتەوە، ئەگەرنا لە ژێرخانی کارەبای ئێران دەدات، دواتر پێنج رۆژ موڵەتەکەی درێژکردەوە، مۆڵەتەکە ئەمڕۆ هەینی کۆتایی دەهات، بەڵام شەوی رابردوو ترەمپ گوتی لەسەر داوای ئێرانییەکان مۆڵەتەکەی بۆ 6ی نیسان درێژکردووەتەوە.