خامنەیی داوای لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران داوا لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات، لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە لە هەر کەس و لایەنێکدا بکەن، کە بەهۆی کەمتەرخەمی یان بەئەنقەست بووبنە هۆکاری رووداوەکە.
شەوی یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی رووداوی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباسی ئەو وڵاتە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا کە لەلایەن نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، عەلی خامنەیی خەمباری خۆی دەربڕیوە و دەڵێت، "رووداوە دڵتەزێنەکەی ئاگرکەوتنەوە لە بەندەری شەهید رەجایی خەم و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا."
خامنەیی داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و هەر کەمتەرخەمییەک یان دەستی ئەنقەست ئاشکرا بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە بکەن."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەوەش دەکاتەوە، "پێویستە هەموو بەرپرسان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە پێشگرتن لە رووداوە دڵتەزێن و زیانبەخشەکان."
عەلی خامنەیی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوا دەخوازێت، خوای گەورە لە قوربانیانی رووداوەکە خۆشبێت، هەروەها داوای سەبر و ئارامی بۆ کەسوکاری قوربانیان و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارانی رووداوەکە دەکات. سوپاسی ئەو کەسانەش دەکات لە کاتی پێویستدا ئامادەبوون خوێن ببەخشن بە بریندارەکان.
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دوای ئەوە ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، محەممەد عاشووری، پارێزگاری هورموزگان رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 40 کەس بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری شەهید رەجایی بەندەرعەباس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 1000 کەسیش بریندار بوون."
ئێران هێشتا هۆکاری رووداوەکەی بەندەری رەجایی بەندەرعەباسی ئاشکرانەکردووە و دیار نییە هۆکاری ئاگرگرتن و تەقینەوەکە چییە.
وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش دەڵێت، لە کاتی رووداوەکەدا هیچ کەلوپەلێکی سەربازی لە بەندەری رەجایی هاوردە یان هەناردە نەکراوە.