ئێران پێشنیازی کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران پێشنیازێکی نوێی داوەتە ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەو مەرجەی گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بۆ قۆناخێکی دیکە دوابخرێن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی گەمارۆوە تاران ناچار بە کشانەوەی تەواوەتی بکات.
 
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکایی، لە زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتە و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتن تاوەکو تەنگەی هورمز بکرێتەوە و جەنگ رابگیرێت، بەڵام پرسی رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و راگرتنی پیتاندن، ئێستا باس نەکرێت و بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت. ترەمپ پێیوایە کات لە بەرژەوەندیی تاران نییە و گوتی، "کاتێک بڕێکی زۆر نەوتی کۆگەکراوت لە سیستمەکەتدا هەبێت و نەتوانیت هەناردەی بکەیت، ئەو سیستمە لە ناوەوە دەتەقێتەوە؛ دەگوترێت تاران تەنیا سێ رۆژی لەبەردەمە پێش ئەوەی ئەوە رووبدات."
 
دۆخی دیپلۆماسی گەیشتووەتە بنبەست؛ ترەمپ سەردانی شاندە باڵاکەی وڵاتەکەی (جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف) بۆ پاکستانی هەڵوەشاندەوە و گوتی، "پێویست ناکات 18 کاژێر بە فڕۆکە بڕۆن بۆ ئەوەی تەنیا لەوێ دابنیشن، ئەگەر ئێرانییەکان شتێکیان هەبێت دەتوانن تەلەفۆنمان بۆ بکەن."
 
دابەشبوونی تاران و رۆڵی نێوەندگیرەکان
 
سەرچاوەکان دەڵێن، سەرکردایەتیی ئێران لەنێو خۆیاندا دابەش بوون و ناتوانن لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا لەبارەی مووشەکە ئەتۆمییەکان رێک بکەون، هەر بۆیە دەیانەوێت ئێستا جەنگ رابگرن و دۆسیەی ئەتۆمی بۆ کاتێکی دیکە جێبهێڵن.
 
عەباس عێراقچی لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی عومان و پاکستانی کردووە و بڕیارە لە مۆسکۆش لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین کۆببێتەوە تاوەکو رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەیە بدۆزنەوە.
 
ئۆلیڤیا وێڵز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا لەرێگەی راگەیاندنەکانەوە دانوستاندن ناکات، بەڵام جەختی کردەوە کە "هەموو کارتەکان لە دەستی ئەمریکادان" و مەرجی سەرەکیی واشنتن ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.