ئێران بۆ ئاگربەست و دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا راوێژ لەگەڵ رووسیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە سان پترسبۆرگی رووسیا و بڕیارە پرسەکانی ئاگربەست و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات و چاویشی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکەوێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیەوە رایگەیاند: "دەرفەتێکی گونجاوە سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی پەیوەست بە جەنگ لەم ماوەیە دا هەبووە و ئەوەی کە ئێستا هەیە، لەگەڵ هاوڕێ رووسەکانمان راوێژ بکەین و پێکەوە بەدواداچوون بۆ دوایین دۆخ بکەین. دڵنیاشم کە گرنگ دەبێت پێکەوە لەو بارەیەوە هاوئاهەنگییە پێویستەکان ئەنجام بدەین."
بەر لە سەردانەکەی بۆ رووسیا، تەنیا لە نێوان سێ رۆژ دا، عێراقچی دوو جار سەردانی پاکستان و جارێکیش سەردانی عومانی کرد، ئەو وڵاتەی کە پێش پاکستان نێوەندگیریی لە نێوان تاران و واشنتن دەکرد. لەو سەردانانە دا عێراقچی لە رێگەی بەرپرسانی پاکستان و عومانەوە، پەیامی تارانی گەیاندە واشنتن.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتن تاوەکو تەنگەی هورمز بکرێتەوە و جەنگ رابگیرێت، بەڵام پرسی رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و راگرتنی پیتاندن ئێستا باس نەکرێت و بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەدجەواد لاریجانی، سیاسەتڤان و شرۆڤەکاری ئێرانی، جەخت لە ئامادەیی وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستە ئێمە بۆ هەر جووڵەیەکی سەربازیی دوژمن ئامادە بین. بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە رەنگە جەنگ جارێکی دیکە دەست پێ بکاتەوە ئەوەیە کە دەبێت ترەمپ و دارودەستەکەی و رژێمی زایۆنی، دەستکەوتێکیان بۆ خۆیان هەبێت، بە جۆرێک کە هەست بە سەرکەوتن بکەن."
تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ململانێکانی تاران و واشنتن. لە 13ـی نیسانەوە ئەمریکا گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران، کە بە گوتەی ئیدارەی ترەمپ، تارانی تووشی تەنگژە کردووە.
بەڵام ئەکبەر فەتحی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران ئەوە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە ئێمە سەبارەت بە کاڵا سەرەکییەکان لە دۆخێکی زۆر باش داین، چ لە رووی یەدەگی ستراتیژی و چ لە رووی بەرهەمهێنانی نێوخۆییەوە. هەروەها لە رابردوو دا دەستمان بە هەندێک کار کردووە، لەوانە گۆڕینی سەرچاوەکانی دابینکردنی کاڵاکان لە بەندەرە باشوورییەکانمانەوە بۆ بەندەرەکانمان لە باکووری وڵات و ئەو دەروازە سنوورییانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا هەمانە. لە جەنگی ئەم دواییەش دا زیاتر لەو رێگەیانەوە کاڵا دابین دەکرا."
سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکانی پاکستانی نێوەندگیر بۆ دامرکاندنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی شاندی ئەمریکا بۆ ئیسلامئاباد، هیواکان بۆ رێکخستنی گەڕێکی دیکەی دانوستاندن و رێککەوتنی تاران-واشنتن کەمتر بوونەتەوە.