قائانی: بەرەی مقاومە لە کاتی پێویستدا دژی ئیسرائیل دەست دەداتە کردەی سەربازی
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی حیزبوڵڵای لوبنان کرد و رایگەیاند، بەرەی مقاومە لە هەموو کاتێک یەکگرتووترە و لە کاتی پێویستدا دژی ئیسرائیل دەکەونە حاڵەتی ئامادەیی و "دەست دەدەنە کردەی سەربازی".
رۆژی دووشەممە، 27ـی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ستایشی حیزبوڵڵای لوبنانی کرد و گوتی: "ئەو گێڕانەوە درۆیانەی رژێمی زایۆنی بڵاویان دەکاتەوە لەبارەی کۆتاییهاتنی مقاومە و لەناوبردنی حیزبوڵڵا، تەنیا خەیاڵن و راست نین."
قائانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکایی، لە بەرامبەر گەنجانی لوبنان "دەستەوەستان و بێدەسەڵاتە".
جەختیشی کردەوە کە "بەرەکانی مقاومە بەهێزتر و یەکگرتووتر لە جاران لە تەنیشت حیزبوڵڵان و لە کاتی پێویستدا بۆ پاڵپشتی لە گەلی لوبنان و فەڵەستین دەست دەدەنە کردەی سەربازی."
ئەم هەڕەشانەی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کاتێکدان گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتوونەتە لووتکە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا سێبەری بەسەر ئێراندا کێشاوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران تووندتر کردووەتەوە و دەڵێت "باجی پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان" تاران تووشی قەیرانی دارایی زیاتر دەکات.
لە کاتێکدا قائانی باسی "بەهەدەردانی پارەی باجدەرانی ئەمریکی" دەکات، ناوخۆی ئێران بە دەست هەڵاوسانی بەرز و کەمیی بودجەوە دەناڵێنێت کە بەشێکی زۆری بۆ کەرتی سەربازی و پەرەپێدانی "بەرەی مقاومە" لە دەرەوەی سنوورەکان تەرخان دەکرێت.