موحسین رەزایی: هیچ وڵاتێک ناتوانێت رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکات
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت، هیچ هێزێک ناتوانێت رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکات؛ دەشڵێت: "باشترە ترەمپ بیر لە رێکخستنەوەی وڵاتەکەی بکاتەوە."
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) وەڵامی لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و نووسیویەتی: "هیچ وڵاتێک ناتوانێت رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکات."
موحسین رەزایی لە پەیامەکەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "پێشنیاز بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەکەم لەبری هاشوهووش، بیر لە رێکخستنەوەی ئەو ئاژاوەگێڕییە بکاتەوە کە بەسەر حکومەت، ئابووری و هێزە چەکدارەکانی ئەمریکادا زاڵە."
ئەم کاردانەوەیەی بەرپرسە باڵاکەی ئێران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی لەبارەی "داڕووخانی" کەرتی نەوتی ئێران دابوو. ترەمپ رایگەیاندبوو، بەهۆی گەمارۆکانەوە ئێران ناتوانێت نەوتەکەی لە کۆگەکان یان لە کەشتییەکاندا هەڵبگرێت، ئەمەش وایکردووە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لەنێوخۆ و لەژێر زەویدا "بتەقنەوە".
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا باسی لەوەش کردبوو، ئێرانییەکان تەنیا "سێ رۆژیان" لەبەردەم ماوە پێش ئەوەی ژێرخانی نەوتییان بە تەواوی لەکاربکەوێت. سەرۆکی ئەمریکا گوتبووی: "ژێرخانی نەوتی ئێران هەرگیز وەک خۆی چاک نابێتەوە، تەنانەت ئەگەر چاکیش بکرێتەوە، تەنیا 50٪ـی توانای جارانی دەبێت."
ململانێی نێوان تاران و واشنتن لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت لە کاتێکدایە، ئەمریکا جەخت لە تووندکردنەوەی گەمارۆکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی ئێران بگەیێنێتە نزمترین ئاست، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەردەوام رایدەگەیێنن کە رێگەی جیاواز بۆ فرۆشتنی نەوتەکەیان دەدۆزنەوە.