پووتین بۆ عێراقچی: پابەندی پەیوەندییە ستراتیژییەکانمانین لەگەڵ ئێران

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند پابەندن بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تاران و ستایشی "قارەمانێتیی" ئێرانییەکان دەکات. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، جیهان درکی بەوە کرد کە وڵاتەکەی دەتوانێت رووبەڕووی سوپای ئەمریکا ببێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە. پووتین لە دیدارەکەدا داوای گەیاندنی سڵاوی خۆی بۆ رێبەری باڵای ئێران کرد و رایگەیاند: "رووسیا - رێک وەک ئێران - پابەندە بە بەردەوامبوون لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان."
 
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بە وردی چاودێری "ئازایەتی و قارەمانێتیی" گەلی ئێران دەکەن لە جەنگدا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان؛ گوتیشی: "ئێمە هەموو ئەو شتانە دەکەین کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێوە و گەلانی ناوچەکە بکات تاوەکو ئاشتی لە زووترین کاتدا بەدی بێت."
 
لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و رایگەیاند، ململانێکانی ئەمدواییە هێزی راستەقینەی ئێرانی بۆ جیهان دەرخستووە.
 
عێراقچی گوتی: "ئێستا جیهان درکی بە هێزی راستەقینەی ئێران کرد لە رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین سوپای جیهان کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە؛ بۆ هەمووان روونبووەوە کە ئێران وڵاتێکی سەقامگیرە و پشت بە گەلی خۆی دەبەستێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی پشتیوانییەکانی مۆسکۆی کرد و رووسیای بە "هاوڕێی رۆژە سەختەکان" ناوبرد.
 
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت؛ دوای ئەوەی لە 28ـی شوباتی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و دواتر تەنگەی هورمزی داخست.
 
هەرچەندە لە 8ـی نیساندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، تەنگەی هورمز و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دانوستاندنەکان بێ ئەنجام بوون.