سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردران

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردران و دوو ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانتاری رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
رۆژی سێشەممە، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو و محەممەدباقر قالیباف جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە. قالیباف لە ساڵی 2020ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە.
 
هەروەها عەلی نیکزاد، پەرلەمانتاری ئەردەبیل و حەمیدڕەزا حاجی‌بابایی، پەرلەمانتاری هەمەدان وەکو جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردران. 
 
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران لە سەرۆک، دوو جێگری سەرۆک، شەش سکرتێر و سێ چاودێر پێکدێت.
 
موجتەبا بەخشیپوور، پەرلەمانتاری ئیسلاماوا و داڵاهۆی پارێزگای کرماشان وەکو سکرتێر و عەباس گودەرزی، پەرلەمانتاری بروجێردی پارێزگای لوڕستانیش وەکو چاودێر لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردران.
 
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ساڵانەیە و هەموو ساڵێک لە سەرەتاکانی سێیەم مانگی بەهاردا، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت. 
 
پەرلەمانی ئێران 290 پەرلەمانتاری هەیە و خولی 12یەمی پەرلەمان لە 27-05-2024ـەوە دەستیپێکردووە. لە خولەکانی رابردوودا، پەرلەمانتارانی شیعە مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەنگیان هێناوەتەوە.