ئێران پرسە بۆ فەرماندە و زانا ئەتۆمییە کوژراوەکانی دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران رایدەگەیێنن، رۆژی شەممە پرسەیەکی "مێژوویی" لە تاران بۆ 60 کەس دادەنێت، کە لە جەنگی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا کوژراون، لەنێویاندا فەرماندە باڵاکان و زانا ئەتۆمییەکان.
رێوڕەسمەکە کاژێر 8:00ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی تاران لە مەیدانی ئینقلاب (شۆڕش) لە ناوەڕاستی تاران دەستپێدەکات و دواتر کاروانی تەرمەکان بەرەو مەیدانی ئازادی بەڕێدەکەوێت، کە نزیکەی 11 کیلۆمەتر دوورە.
موحسین مەحموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پەرەپێدانی ئیسلامی لە تاران، رۆژی هەینی رایگەیاند: "سبەی رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ ئێرانی ئیسلامی و شۆڕش."
لەنێو کوژراوەکاندا ژەنەراڵ محەممەد باقری، سوپالاساری ئێران، کە لەگەڵ هاوژین و کچەکەیدا کوژران.
زانای ئەتۆمی، محەممەد مەهدی تهرانچی، کە لە هێرشەکاندا کوژراوە، لەگەڵ هاوژینەکەیدا بەخاک دەسپێردرێت. لە رێوڕەسمی پرسەکەدا رێز لە چوار ژن و چوار منداڵی دیکەش دەگیرێت کە لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لانیکەم 30 فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژراون، لەنێویاندا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپا و ئەمیرعەلی حاجی زادە، سەرۆکی هێزی ئاسمان سوپا کە سەرپەرشتیی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی وڵاتەکەی دەکرد.
جەنگەکە لە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد، کاتێک ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی دەستپێکرد و رایگەیاند ئامانج لێی "راگرتنی ئێرانە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی"، تۆمەتێک کە تاران رەتیدەکاتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لانیکەم 627 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و نزیکەی 5000 کەسی دیکەش برینداربوون. لەبەرامبەردا، بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، لە هێرشەکانی ئێرانیشدا 29 کەس کوژراون.
تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بەشداریی پرسەکەی رۆژی شەممە بکات.