ئێران بۆ ئازەربایجان: لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی ئاسمانەکەت لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەرمان بکە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەکارهێنانی ئاسمانی ئازەربایجان لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری ئێران داوای لە ئیلهام عەلیێڤی هاوتا ئازەربایجانییەکەی کرد، لێکۆڵینەوە بکات.
ئەمڕۆ هەینی، 27ی حوزەیران، پزیشکییان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەلیێڤ کرد.
بە گوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، پزیشکیان داوای لە عەلیێڤ کردووە، لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی پێشێلکردنی ئاسمانی ئازەربایجان لە لایەن ئیسرائیلەوە بکات و روونکردنەوە بە ئێران بدات.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، پزیشکیان سوپاسی حکومەت و خەڵکی ئازەربایجانی کردووە لە بەرامبەر هاوسۆزییان بۆ ئێران لە ماوەی جەنگی دوازدە رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لە مەترسیی دەنگۆکان کردووەتەوە.
لە وەڵامدا، عەلیێڤ دەنگۆکانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئازەربایجان جڵەوی تەواوی ئاسمانەکەی لەدەستدایە" و رێگە بە هیچ لایەنێک نادات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاری بێنێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، عەلیێڤ ئێرانی بە وڵاتێکی "دۆست و برا" ناوبردووە و پێشوازی لە وەستانی جەنگ کردووە.
ژمارەیەک راپۆرتی میدیای ئیسرائیلی ئەمڕۆ بە گەڕانەوە بۆ قسەی بەرپرسێکی ناونەهێندراوی بەرگریی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتێکی "نزیک" لە ئێرانیان بەکارهێناوە. ئەگەرچی ناوی هیچ وڵاتێک نەهێندراوە، راپۆرتەکان بوونە هۆی سەرلەنوێ ورووژاندنەوەی نیگەرانییە کۆنەکانی ئێران بەرامبەر نزیکبوونەوەی ئازەربایجان لە ئیسرائیل.
هاوکات میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ موجتەبا دەمیرچیلۆ، باڵیۆزی نوێی ئێران لە ئازەربایجان لەگەڵ عەلیێڤ کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی پێسپاردنی ئەرکەکەی رادەست بکات و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان تاوتوێ بکەن.
بە گوێرەی میدیای ئێرانی، ئیلهام عەلیێڤ سەرەخۆشی لە خەڵکی ئێران کرد لە بەرامبەر کوژرانی هاووڵاتیانی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل.
میدیای ئێران دەڵێت، عەلیێڤ جەختی کردەوە کە ئازەربایجان سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران دەکات، هەروەها "کۆنترۆڵی تەواوی خاک و ئاسمانەکەی بەدەستەوەیە و رێگەی نەداوە و نادات لە سنوورەکەیەوە هیچ هەڕەشەیەک یان هێرشێک بکرێتە سەر ئێران."
لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئازەربایجان و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو لە یەک نزیکبوونەتەوە.
بە گوێرەی پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI)، لە ساڵی 2016 تاوەکو 2020 نزیکەی 70٪ی چەکی هاوردەکراوی ئازەربایجان لە ئیسرائیلەوە بووە، هەروەها 50٪ی نەوتی هاوردەکراوی ئیسرائیل لە ئازەربایجانەوە رۆیشتووە، تەنانەت دوای جەنگی غەززە، ئازەربایجان هەناردەکەی زیاتر کردووە.
ساڵی 2023، ئازەربایجان باڵیۆزخانەی لە تەل ئەڤیڤ کردەوە.