پۆلیسی ئێران: رێگە نادەین ئاسایشی سنوورەکان تێکبچێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران کە بە سەردانێک لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پاسەوانیی سنوور لە پارێزگاکە رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانیی سنوور لەوپەڕی ئامادەییدان و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئاسایشی سنوورەکان تێکبچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025 قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران لە کۆبوونەوەی لیژنەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی پاسەوانیی سنوور لە پارێزگای سنە ئامادە بوو، جەختی لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردەوە.
قاسم رەزایی گوتی، "هێزەکانی پاسەوانیی سنوور بە هۆشیاری و وریاییەکی تەواوەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان ئامادەن، رێگە نادەن هیچ نائەمنییەک لە سنوورەکان رووبدات." گوتیشی، "پاسەوانیی سنوور بەرگەی هیچ نائەمنییەک لە سنوورەکان ناگرێت و رێگە نادات ئاسایشی سنوورەکان تێکبچێت."
جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران جەختی لەوە کردەوە، هەواڵگری و ئامادەیی بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە گرنگترین ستراتیژییەکانن بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و هەموو ئۆپەراسیۆنەکان بەبێ زانیاریی ورد و دروست ناتەواو دەبن.
رۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025، لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فەرماندەی نوێی پۆلیسی پارێزگای سنە، جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران هۆشداری دابوو بە کۆڵبەران کە لەسەر سنوورەکان هاتووچۆ نەکەن و گوتبووی، هەندێک کەس لە ژێر ناوی کۆڵبەری بە قاچاخ چەک دەگوازنە نێو ئێران.
لەوبارەوە رەزایی رایگەیاند، "بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، هەندێک کەس لەژێر پەردەی کۆڵبەریدا چەک و کەلوپەلی نایاسایی دەهێننە نێو وڵاتەوە، بۆیە چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە جیاوازە و بە توندی رووبەڕوویان دەبینەوە."
بە گوتەی رەزایی، هاتووچۆی نایاسایی لە سنوورەکان لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت نایاساییە، تەنانەت ئەگەر هیچیش لەگەڵ خۆیدا نەهێنێت.