وەزیری دەرەوەی ئێران: هەرگیز چۆک بۆ گوشارەکان دانادەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "هەرگیز چۆک بۆ گوشارەکان دانادەین." دەشڵێت، "هەروەک چۆن هێرشی سەربازی شکستی هێنا، سناپ باکیش شکست دەهێنێت."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رەتکردنەوەی پرۆژەی هاوبەشی چین و رووسیا سەبارەت بە دواخستنی سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران، رایگەیاند، "ئەگەر گوشارە نالۆژیکییەکان جێگەی یاسا بگرنەوە، ناگەینە هیچ ئەنجامێک. ئێران هەرگیز چۆک بۆ گوشارەکان دانادات."
عێراقچی ئاماژەی بە رێککەوتنی نوێی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و گوتی، "لە قاهیرە لەگەڵ ئاژانس گەیشتینە چوارچێوەیەکی نوێی هاوکاری، بەڵام بە کاراکردنەوەی سناپ باک رێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئاژانس جێبەجێ ناکرێت. ئێمە رامان گەیاندووە، ئەم هەنگاوەی ئەورووپییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەبێت."
گوتیشی، کاراکردنی میکانیزمی سناپ باک کارێکی نایاساییە و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە مافی ئەوەیان نییە میکانیزمەکە کارا بکەنەوە، لەبەر ئەوەی پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نەبوون و پابەندییەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی هەوڵەکانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە رێگەی دیپلۆماسی کرد و رایگەیاند، "هەمیشە ئامادە بووین بۆ دیپلۆماسی، من بە چەندین پێشنیازی روون هاتمە ئێرە بۆ ئەوەی چانسی زیاتر بدرێت بە دیپلۆماسی و بەداخەوەم کە پێشنیازەکان رەتکرانەوە."
عێراقچی دەڵێت، "دیپلۆماسی تەنیا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەداخەوە ئەزموونی زۆر خراپمان لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکادا هەبووە."
هەروەها ئاماژەی بە گوتەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە رۆژی هەینی لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، 'دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بنبەستێکی تەواوە' و رایگەیاند: "دیپلۆماسی هەرگیز نامرێت، بەڵام قورستر بووە."
شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایش پرۆژەیەکی پێشنیازکراوی چین و رووسیای رەتکردەوە کە داوای کردبوو سەپاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دوابخرێت بۆ ئەوەی شەش مانگی دیکە بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بڕەخسێت.
پێشنیازەکە دەنگی نەهێنا و بەوپێیەش لە رۆژی یەکشەممەوە گەمارۆ تووندەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر ئێران دەسەپێندرێنەوە.