ئێران باڵیۆزەکانی لە سێ وڵاتی ئەورووپی دەگەڕێنێتەوە تاران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپ باک و گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆسەر ئێران، باڵیۆزەکانی لەو سێ وڵاتە ئەورووپییە بانگهێشتی تاران دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، بڕیاریان داوە باڵیۆزەکانی ئێران لە سێ وڵاتی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بگەڕێننەوە تاران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "دوای هەنگاوی نابەرپرسانەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لە خراپ بەکارهێنانی میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی بۆ گەڕاندنەوەی بڕیارنامە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بە مەبەستی راوێژکردن بانگهێشتی تاران کرانەوە."
بڕیاری ئێران بۆ بانگهێشتکردنی باڵیۆزەکانی لەو سێ وڵاتە ئەورووپییە دوای ئەوە دێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوایین هەوڵی تایبەت بە دواخستنی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانی رەتکردەوە.
شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەیەکی پێشنیازکراوی چین و رووسیای رەتکردەوە کە داوای کردبوو سەپاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دوابخرێت بۆ ئەوەی شەش مانگی دیکە بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بڕەخسێت.
پێشنیازەکە دەنگی نەهێنا و بەوپێیەش لە رۆژی یەکشەممەوە گەمارۆ تووندەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر ئێران دەسەپێندرێنەوە.
سەپاندنەوەی سزاکان دوای بڕیارەکەی مانگی رابردووی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا دێت بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕانەوەی خێرای سزاکان، پاش ئەوەی ئێرانیان بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 تۆمەتبار کرد.