دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بەهای بۆرسەی تاران هەزاران خاڵ بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
بەپێی ماڵپەڕی ئۆنلاینی نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-10-2024، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 65 هەزار و 750 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تاوەکو پێش هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل، یەک دۆلار بە زیاتر لە 69 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران لەبەرئەوەی کە هێرشەکان سنووردابوون. بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی زیانی ئەوتۆی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بازاڕەکان لە ئێران بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.
بەهروز موحیبی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "پێگەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران سەرکەتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و بەو هۆیەشەوە نرخی دۆلار و زێڕ لە بازاڕی ناوخۆی ئێران دابەزیوە."
جەهانبەخش سەنجابی، ئەندامێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئێرانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای تمەن و ناجێگیریی بازاڕەکانی ئێران بەهۆی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان بووە و ئێستا ئەو نیگەرانییانە نەماون."
بازاڕی بۆرسەی تاران لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، 24 هەزار خاڵ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بەو پێیەش کەشێکی ئەرێنی ئێستا لەنێو بازاڕی ئێران سەریهەڵداوە.