بەرزبوونەوەی نرخ توانای کڕینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابەزاندووە


رووداو دیجیتاڵ 

کاریگەری بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بە تەواوی لەسەر بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێت. نرخی شتوومەکی بە رێژەیەکی زۆر بەرز کردووەتەوە و توانای خەڵک بۆ کڕینی تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانیشیانی زۆر دابەزاندووە. 
 
رێژەی هەڵاوسان لە ئێران بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئەو وڵاتە، 48.5%ـە. هاونیشتمانییان دەڵێن، رێژەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لەوەش زیاترە. هەر کات بەهای تمەن دابەزێت، خێرا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی هەموو شتێک دادەنێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخەکان هەموو بوارەکانی گرتووەتەوە. زیاتر لە 40%ی خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرێچین. بە شێوەی مامناوەندی، کرێچییەکان دەبێ نیوەی داهاتی مانگانەیان بۆ کرێ خانوو دابنێن. نیوەکەی دیکەشی بۆ هەموو خەرجییەکانیان. تەنیا لە سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا کرێی خانوو لە پارێزگای ورمێ 19% بەرزبووەتەوە.
 
زۆرترین رێژەی بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەک لەمساڵدا تایبەتە بە خواردەمەنییەکان. ئەمساڵ نرخی خواردەمەنییەکان لەچاو ساڵی رابردوو 65% بەرزبوونەتەوە، بۆیە بەشێکی بەرچاوی خەڵک ناتوانن هەموو پێداویستییەکانیان دابین بکەن. 
 
فرۆشیار و کڕیاران دەڵێن، نرخەکان هەروا بەرزدەبنەوە و کەس نییە، چاودێری و کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکات.