پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی بەفر و باران 10 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ئێران دەڵێ، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ و سبەی لە 10 پارێزگا بەفر و باران ببارێ و هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی لافاویش دەدات.
چەند رۆژێکە بارستە هەوایەکی سارد رووی لە بەشێک لە ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
رۆژی چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ئێران بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران رووی لەو وڵاتە کردووە و پێشبینی دەکرێ، لە 10 پارێزگا بەفر و باران ببارێ کە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، لوڕستان و کرماشانیش لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، شەپۆلەکە پارێزگاکانی خوزستان، چوارمحال و بەختیاری، کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد، فارس و بوشێهریش دەگرێتەوە و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ئێران لەبارەی داخرانی رێگەکان بەهۆی بارینی بەفر، خلیسکبوونی رێگەکان بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و دروستبوونی لافاو هۆشداری دەدات و داوا لە خەڵک دەکات، لە چەم و رووبارەکان دوور بکەونەوە.
کەشناسیی ئێران داوا لە هاووڵاتیان دەکات، ئەگەر زۆر پێویست نەبێ، نەچنە ناوچە شاخاوییەکان، لە ئەگەری گەشتکردنیشدا کەرەستەی زستانەیان پێ بێت.