ئێران کەسێکی بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دا

 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، کەسێکیان بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە داوە.
 
رۆژی چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026 دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکیان بەناوی حەمیدڕەزا سابت ئیسمەعیلپوور لەسێدارەداوە کە بە "تاوان"ی "سیخوڕی بۆ مۆساد" دەستگیر کرابوو.
 
بەگوێرەی دەسەڵاتی دادی ئێران، "حەمیدڕەزا سابت زانیاریی هەستیاری ئێرانی داوەتە دەزگەی مۆساد، هەروەها هاوکاریی ئەو وڵاتەی کردووە بۆ تێکدان و ئەنجامدانی تەقینەوە لە دامەزراوە مووشەکییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران."
 
ئاژانسی هەواڵیی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "ئەو کەسە چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوی لە سنووری پارێزگاکانی لوڕستان و ئیسفەهان بۆ نزیکی ناوەندە سەربازی و هەستیارەکان گواستووەتەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی تەقینەوە لەو ناوەندانە."
 
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، "سزاکە ئەم بەیانییە جێبەجێ کراوە"، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی نەکردووە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەمە دووەمین کەسە کە لە ئێران بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدەدرێت.
 
رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2026 دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، کەسێکیان بەناوی عەلی ئەردستانی لەسێدارەداوە کە بە "تاوانی سیخوڕی و پێدانی زانیاریی هەستیاری ئێران بە دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل" دەستگیر کرابوو.
 
لە دوای جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، 12 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی سیخوڕی لەسێدارەدراون کە "تاوان"ی نۆ کەسیان "سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل" بووە.