وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پێشوازی لە بانگەوازی ئۆجەلان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە دەڵێت، پێشوازی لە بانگەوازی ئۆجەلان دەکەن و "بانگەوازەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو نەهێشتنی تووندوتیژی".
ئیسماعیل بەقائی هەروەها دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە هەر پڕۆسەیەک بۆ وەستاندنی تیرۆر و بەهێزکردنی ئاسایش لە تورکیای دراوسێ دەکات."
رۆژی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا باس لەوە دەکات، "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، وڵاتەکەی هیواخوازە "ئەم بەرەپێشچوونە ئەنجامی ئەرێنیی بۆ ناوچەکە هەبێت."