عەباس عێراقچی: خامنەیی زیندووە؛ "یەک دوو فەرماندە"مان کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی زیندووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا "یەک دوو" فەرماندەیان لەدەستداوە، ئەگەر چی زۆربەی بەرپرسەکان سەلامەتن. هەروەها ئاشکرای دەکات کە پێشتر لەگەڵ شاندی ئەمریکی "رێککەوتنی باشیان" کردبوو.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا کە لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە کرا، عێراقچی لە تارانەوە بە کەناڵی NBC Newsی ئەمریکی رایگەیاند، "هێندەی من بزانم،" خامنەیی زیندووە.
 
گوتیشی، "نزیکەی هەموو بەرپرسەکان سەلامەت و زیندوون. لەوانەیە یەک دوو فەرماندەمان لەدەستدابێت، بەڵام ئەوە کێشەیەکی گەورە نییە."
 
سەبارەت بە مووشەکبارانکردنی وڵاتانی کەنداو، عێراقچی گوتی، "پەیوەندیم بە هاوتاکانم لە کەنداو کرد و بۆم روونکردنەوە کە ئێمە مەبەستمان نییە هێرش بکەینە سەر ئەوان، بەڵکو لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆماندا هێرش دەکەینە سەر بنکەکانی ئەمریکا."
 
گوتیشی، "ناتوانین تەنیا دابنیشین و بینەری ئەوە بین هێرشمان دەکرێتە سەر و وەڵاممان نەبێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بنکەکانیان لە وڵاتێکی هاوسێی دۆستدایە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا گرت و گوتی، "نازانم بۆچی ئیدارەی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی دەست بە دانوستاندن بکات و پاشان لە نێوەڕاستی دانوستاندنەکاندا هێرش بکات.. ئەوەی ئەمڕۆ روویدا رێک هاوشێوەی ئەوە بوو کە حوزەیرانی رابردوو روویدا."
 
عێراقچی ئاشکرای کرد، رۆژی پێنجشەممە لە جنێڤ کۆبوونەوەی "زۆر باشیان" لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر هەبووە و باسیان لە پرسە جیدییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکە کردووە.
 
گوتیشی، "هەندێک لە جیاوازییەکانمان چارەسەر کرد. تەنانەت رێنماییمان بە تیمە تەکنیکییەکەمان دا بچنە ڤییەننا و لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم کۆببنەوە."