ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی سیخوڕی بۆ "دووژمن" هۆشداری دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی سیخوڕی و پێدانی زانیاری بە "دووژمن" هۆشداری دەداتە خەڵک و دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بە تووندترین شێوە مامەڵە لەگەڵ هەر جووڵەیەک یان هەر هاوکارییەک لەگەڵ دووژمن دەکەن."
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیێندراوی ژمارەی دووی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە خەڵک دەکات هاوکاریی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان بکەن.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی رژێمی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی و فێڵی دووژمن بۆ سوودوەرگرتن لە بەکرێگیراوان بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە شەرانگێزییەکانی، داوا لە خەڵک دەکەین کە دەستبەجێ هەر جموجۆڵێکی گوماناوی، لەوانەش کردەی سیخوڕی یان پێدانی زانیاری بە دووژمن، هێزەکانی پۆلیس، ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران ئاگادار بکەنەوە."
ئەنجوومەنەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە بارودۆخی جەنگدا بە تووندترین شێوە مامەڵە لەگەڵ هەر جووڵەیەک یان هەر هاوکارییەک لەگەڵ دووژمن دەکەن."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهووش پەیامی جیاوازیان لەبارەی هێرشەکە هەبوو.